هۆنراوەی "دەنگ نادەین" ببیستن و بخوێننەوە، بەبۆنەی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان لە ئێران
ئەمە بە ڤیدیۆ، لە ژێرتریش بە نووسین:
کلیک لێرە بکە بۆ بیستنی هۆنراوەکە لە ماڵپەڕی یوتیوب
دەنگ نادەین، دەنگ نادەین
ئێرە ڕەبەتە، سەردەشتە، بانەیە و پیرانشارە
مەکۆی بەڕەنگاربوونەوەی زۆردارە
مەڵبەندی شۆڕشگێڕان، ژینگەی جوان و جەنگەڵ و لێڕەوارە
نیشتیمانی شەهیدانی سەربەرزی دێموکڕاتە
کانگای لەمێژینەی شۆڕش و تێکۆشان و خەباتە
دەنگ نادەین
لێرە لە سای ڕژێمی شوومی تاران
ژین لە مردن بەژانترە
ژەهر لە نان هەرزانترە
دەنگ نادەین
لێرە کاسبکاری ناچاریی، کۆڵبەریمان دەکوژرێن
ئاسەواری مێژووییمان تاڵان دەکرێن
دەبرێن، دەدزرێن، کاوڵ دەکرێن
دەنگ نادەین
دەنگ نادەین بە ماڵوێرانیی و بێکاریی
بە کیمیاویی و ئاسەواری
بە سووتانی لێڕ و چیا
بەهەزاران مۆڵگەی سوپا
بە پێشێلی عورف و ڕێسا
دەنگ نادەین
دەنگ نادەین بە کێڵگەی بۆمب و مین
بە خەندەک و بە کێڵبڕ و بە بۆسە نانەوە و کەمین
هۆ کەس و کار و گەلی من
هۆ کەس و کار و گەلی من
دەنگ مەدەن بە ویستی دوژمن
دەنگ مەدەن بە ویستی دوژمن
دەنگ نادەین، دەنگ نادەین
دەنگ نادەین بە پیلانی ماڵ وێرانیی
بە سەرکوت و بە شەڕ و بە گرانیی
دەنگ نادەین
دەنگ نادەین بە گوریس و دار
بە داگیرکاریی و بە حوکمی زۆردار
بە یاسای خاڵخاڵییەکان
بە تاک و کۆ کوژیمان
بە ڕەشبگیریی و بە ترس و تۆقاندنمان
بە ئەشکەنجە، بە لێدانی هەتا مردن لە زیندان
دەنگ نادەین
دەنگ نادەین بە ئەنفالی سپی
بە گرانی نرخی بژێوی ژیان
بە هەرزانیی کڕاک و شیشە و ماددە هۆشبەرەکان
دەنگ نادەین بە قەدەغەی زمانی دایکیی و کلتوور و کەلەپووری کوردیمان
دەنگ مەدەن
دەنگ مەدەن بە هەڵپڕژانی ئەسی بۆ سەر ڕووخساری کچان و ژنان
بە ڕفاندن و بە بێسەروشوێنکردنی لاوان
دەنگ نادەین
دەنگ نادەین بە هەژاریی و بە بێکاریی
هەزاران لە دەرچووی زانستگە و زانکۆکان
دەنگ مەدەن بە دەرەتانی لاتی و دزی
بە بەستێنی ڕاوە ڕووت و چەقۆکێشان
ئەم دەنگدانە، واژووی ڕەواییدان بە کوشتنی شوانە
سومەییە، پەریناز و حەیدەریی، ئیبراهیمیی و عەلەمهورییەکانە
دەنگ مەدەن، دەنگتان بۆ میلیتارزەکردنی دەیان ساڵەی شار و دێی کوردستانە
دەنگ مەدەن، دەنگتان بۆ زەوتکردنی مافی مرۆڤی کوردە
دەنگتان بۆ زەوتکردنی مافی مرۆڤی کوردە
بۆ تۆتاڵیتاریزمی پێشێلکەری کەرامەتی ئینسانە
دەنگ نادەین
بە دەنگە کاریگەرەکەی شاعیر: چەنگیز سیگارچیی
by Kurdish Dana via یانەی کوردکلیك





تحويل كودإخفاء محول الأكواد الإبتساماتإخفاء