یاساکانی بڕگەی تەوەرەی گفتوگۆ بخوێنەوە بەر لە دروستکردنی بابەت

یاساکانی بڕگەی تەوەرەی گفتوگۆ بخوێنەوە بەر لە دروستکردنی بابەت

سلام علیکم و رحمة الله و برکاته
سڵاوتان لێبێت ئەندامانی بەڕێز، لەم بابەتەدا یاساکانی بڕگەی "تەوەرەی گفتوگۆ" مان ڕێکخستووە بۆتان، دانانی ئەم یاسایانە بۆئەوەیە کە ئەم بڕگەیە تەنها بابەتی ڕێکوپێکی لێ دابنرێت و سنووری یەکتر نەبەزێنین و سوودێکیش بە یەکتری بگەیەنین و یانەکەمان جوانتر بکەین کە ئەوەش ئامانجی هەموولایەکمانە.

بەپێویستی دەزانین کە پێناسەیەک بۆ ئەم بڕگەیە بکەین نەوەک ئەندامان بەهەڵە بابەتی تێدا دابنێن، هەروەها بۆ ئەوەی ئەندامان بزانن ئەم بڕگەیە بۆچی بەکاردەهێنرێت.

بڕگەی "تەوەرەی گفتوگۆ" بڕگەیەکی زۆر گرنگ و سوودبەخشی یانەی کوردکلیکە کە تێیدا ئەندامێک بابەتێکی دیاریکراو هەڵدەبژێرێت بۆئەوەی ڕا و بیر و بۆچوونی ئەندامانی تری لەسەر وەربگرێت، ئەندامەکانی تریش ڕا و بۆچوونی خۆیان دەنووسن لەبارەی تەوەرەکە.


یاسایە گشتییەکان:

• زمانی فەرمیی یانەی کوردکلیک بریتییە لە "زمانی کوردیی"، کەوابێ پێویستە لەسەر نووسەری بابەت و وەڵامدەرەوەکە کە هەردوولا بە پیتی کوردیی نووسین بکەن و کیبۆڕدی کوردیی بەکاربهێنن. ئەمەش بۆ ئەوەیە کە نووسینەکان بەشێوەیەکی ڕوونتر بخوێندرێنەوە. کلیک لێرە بکە بۆ دابەزاندنی کیبۆڕدی کوردیی بەپێی ئامێر و سیستەمەکەت، ئەگەر بەکارهێنەری iOS یت، ئەوا کلیک لێرە بکە بۆ چۆنیەتی داگرتن، ئەگەریش بەکارهێنەری بڵاوکراوەکانی ڵینۆکسیت، ئەوا کلیک لێرە بکە بۆ چۆنیەتی زیادکردنی کیبۆڕدی کوردیی.

• ڕاستە کە تۆ ئەندامێکی ئاساییت، بەڵام هیچ جیاوازیت نییە لەگەڵ ئەندامێکی پلەدار، بۆیەش تکایە ئەگەر لە بابەتەکەتدا یان لە بابەتێکی ئەم تەوەرەیەدا هەر لادان و کەموکوڕییەکت بینی، ئەرکی تۆیە کە هاوکارمان بیت بۆ ڕێگریکردن لەو ئەندامانەی کە یاساکانمان پێشێل دەکەن. دەتوانیت بە پەیامی تایبەت بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاران ئاگاداربکەیتەوە. یانیش لینکی ئەم بابەتە بدەیت بەو کەسەی کە لە یاساکانی ئەم بڕگەیە لایداوە.


ئەو یاسایانەی کە تایبەتن بە نووسەری بابەت:

• بەرلەوەی بابەتەکەت دابنێیت، دڵنیابەوە لەوەی کە ئەو تەوەرەی هەڵتبژاردووە نابێتە مایەی دروستبوونی "دەمەتەقە" لەسەر بابەتەکە، بابەتەکانی ئەم بڕگەیە بۆ "گفتوگۆکردن" دانراون، بۆیەش تکایە تەوەرەیەکی هەستیار هەڵمەبژێرە کە کێشەی لێوە دروست ببێت.

• لە ئێستاوە ئەوە بزانە کە مەرج نییە هەموو خەڵکی هەمان بۆچوونیان هەبێت دەربارەی تەوەرەکەت، بۆیەش دەبێت چاوەڕوانی وەڵامێک بکەیت کە لەگەڵ بۆچوونی تۆدا ناگونجێت، چونکە هەر کەسێک بەجۆرێک بیردەکاتەوە. ئینجا تکایە لەکاتی بینینی وەڵامێکی پێچەوانەی بیرکردنەوەی تۆ، خۆت بەدوور بگرە لە هەڵچوون و توڕەبوون و گاڵتەکردن و شکاندنەوەی کەسی بەرامبەر ئەگەر ڕای جیاوازی دەربڕی.

• دروستکردنی تەوەرەی "سیاسی" بەهەموو جۆرێک قەدەغەیە، کوردکلیک نایەوێت بە یەک بابەتیش خۆی لە سیاسەت بدات.

• قەدەغەیە دروستکردنی تەوەرەیەک بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی ئەو گرووپانەی کە لەژێر ئاڵای ئاینی ئیسلامەوە دەجەنگن و موسڵمانان و ناموسڵمانان بەبێ جیاوازیی سەردەبڕن و گوللـەباران دەکەن و لە هەمان کاتیشدا دەڵێن "ئێمە نوێنەری ئیسلامی ڕاستین". (وەکو داعش، ئەنساربەیتولمەقدیس، شەباب، نوسڕە و هتد...). ئێمە لە ئەندامانمان قبوڵ ناکەین نە پاڵپشتییان بکەن و نەدژایەتیی، هەروەها بابەت دەسڕینەوە و بەتوندیی ئەندامەکە ئاگادار دەکەینەوە.

• هەڵبژاردنی تەوەرەیەک بۆ گفتوگۆکردن بۆ سووکایەتی پێکردن یان ستایشکردنی کەسایەتییەکی ئاینیی، یان کەسایەتییەکی بێ ئاین، یان کەسایەتییەکی سیاسیی، یان گۆرانیبێژ، یان هونەرمەند، یان ئەکتەر، یان پێشکەشکەر، یان ئەندامێکی ئەم یانەیە یان هەر یانەیەکی تر و هتد... قەدەغەیە جا چ بەشێوازێکی ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، و بابەت دەسڕدرێتەوە و ئەندام ئاگادار دەکرێتەوە. کوردکلیک ڕێگە بە باسکردنی هیچ کەسایەتییەک لە پاشەملە نادات.

• گفتوگۆکردن و نوێکردنەوەی بابەتێکی بەسەرچوو و ناپێویست ڕێگەی پێنەدراوە، هەروەها دروستکردنی تەوەرەی دووبارە قەدەغەیە.

• سەردێڕێکی ڕێکوپێک بۆ تەوەرەکەت دابنێ کە ئەندام بزانێت ناوەڕۆکی تەوەرەکەت چییە. نووسینی سەردێڕێکی وەکو "هاوڕێیان ڕای ئێوە چییە؟" یان "بەڕێزان بۆچوونی خۆتان دەرببڕن" و هتد... سەردێڕی نەشیاون.

• خۆت بەدوور بگرە لە دانانی بابەت سەبارەت بە جیاوازی کوردکلیک لەنێوان ڕابردووی و ئێستایدا. ئەمجۆرە بابەتە چەندین جار لەم بڕگەیەدا دووبارە بووەتەوە و هەمان قسەکانیش دەنووسرێنەوە. بۆیە ئێمە لەکاتی دانانی بابەتێکی لەمجۆرە بابەتەکە دەسڕینەوە. لەبری ئەوکارە، دەتوانیت لەڕێگەی بڕگەی "ڕەخنە و پێشنیارەکانتان" ـەوە بابەت دابنێن و ئەو کەموکوڕییانە بخەنەڕوو کە ڕۆژانە دەیبینن لە کوردکلیک.

• گفتوگۆ لەنێوان باوەڕدار و بێ ئاین سەبارەت بە بابەتە ئاینییەکان بەهەموو جۆرێک قەدەغەیە. دەتوانیت لە بەشی "پرسیار و وەڵامی ئاینی" دا بەشێوەی پرسیار بابەت دابنێی و وەڵام دەدرێیتەوە.


ئەو یاسایانەی کە تایبەتن بە کەسی وەڵامدەرەوە:

• هەروەکو لەناوی بڕگەکەوە دەردەکەوێت، تەوەرەی گفتوگۆ شوێنێکە بۆ دەربڕینی بیر و ڕای تایبەتیی خۆت، بۆیەش بەهەموو شێوەیەک نووسینی "دەستخۆش" و "ماندوو نەبیت" و هتد... قەدەغەیە، لەم بڕگەیەدا ئەندام دەبێت وەڵام بۆ تەوەرەکە بنووسێت نەک دەستخۆشیی لێکردن. ئەگەر تۆ جگە لە دەستخۆشیی لێکردن هیچی ترت نییە بۆ بابەتەکە، ئەوا هیچ مەنووسە.

• لەکاتی وەڵامدانەوەدا لەچوارچێوەی بابەت دەرمەچوو و هەوڵبدە بە شێوازێکی دوور لە ڕق و دژایەتیکردنەوە وەڵامەکەت بنووسیت و ڕای خۆت دەرببڕیت. ئەگینا گلەیی مەکە لە سڕاندنەوەی وەڵامەکەت.

• ئەگەر بینیت بابەتەکە لە "گفتوگۆ" دەرچووە و بووەتە "دەمەتەقە" و ئیتر هیچ دەرئەنجامێکی چاک بوونی نەماوە لە بابەتەکە، ئەوا دەست لە وەڵامدانەوە هەڵبگرە و سەرپەرشتیارێک یان بەڕێوەبەر ئاگاداربکەوە لەڕێگەی پەیامی تایبەت بۆئەوەی ئێمە چارەسەری کێشەکە بکەین.

• هیچ ئەندامێک ناچار نییە کە وەڵام بۆ بابەتەکان بنووسێت، بۆیە ئەگەر تۆش هیچ قسە و ڕا و تێبینییەکت نییە لەسەر تەوەرەکە، ئەوا هیچ مەنووسە.

by Kurdish Dana via یانەی کوردکلیك
شكرا لك ولمرورك