سوننەكانی عێراق ئامادەسازی بۆ گفتوگۆیەكی كەموێنە لەگەڵ تاران دەكەن

nuche.net


Mideast Iraq سوننەكانی عێراق ئامادەسازی بۆ گفتوگۆیەكی كەموێنە لەگەڵ تاران دەكەن


نوچەنێت- ئەلوەسەت

رۆژنامەیەكی كوێتی رۆژی یەكشەممە 28/12/2014 رایگەیاند جێگری پێشووی سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەركردەی سوننەی دیار رافع عیساوی ، ئامادەسازی دەكات بۆ دوو سەردانی كەموێنە بۆ تاران و واشنتن وەك نوێنەرایەتی كۆنگرەی سوننەكان كە لە هەولێر بەسترا لە ناوەڕاستی مانگی دیسەمبەری پێشوو، وەك یەكەم كۆبوونەوەی فراوانی سوننەكانی عێراق بۆ رێكخستنەوەی ریزەكانیان دوای داڕووخانە سەربازییەكەی مانگی شەشی رابردوو.

سەركردە سوننەكان كە دیارترینیان عیساوی و ئەسیل نوجێفی پارێزگاری موسڵە باسی ئەوەیان كردوە كە ئەوان ئامادەن گفتوگۆ بكەن لەگەڵ بەغدا و تاران و واشنتن لەبارەی داهاتووی بەڕێوەبردنی پارێزگا سونیەكان لە قۆناغی دوای داعش، كە پێیان وایە رێككەوتنێكی روون و ئاشكرا لە بارەیەوە كەشێكی دروست و لەبار دروست دەكات بۆ بەشداری كردنی هەموو هێزە سوننیەكان لە دەركردنی چەكدارە توندڕەوەكاندا.

لەم چوارچێوەیەدا دوو دۆسیە سەرهەڵدەدەنەوە، یەكەم: فیدرالی بدرێتە سوننەكان بەجۆرێك ڕێگە نەدات ملكەچی سیاسەتە تایفەگەرییەكانی بەغدا ببن كە لە بەرامبەریان ئەنجامی دەدات، ئەم داواكارییەش تەنها هی سوننەكان نیە، بەڵكو بەسرەش ئێستا سەرقاڵی خۆ ئامادە كردنە بۆ راگەیاندنی هەرێمێكی سەربەخۆ، لە هەمان كاتدا كوردیش ئاهەنگیان دەگێڕا بەهۆی ئەو رێكەوتنامەیە مێژووییەی مانگێك لەمەوپێش لە گەڵ بەغدا ئەنجامیاندا كە دان بە بەڕێوەبردنی سەربەخۆی كێڵگە نەوتیەكاندا دەنێت و وەك هێمای نیمچە سەربەخۆییەك دەستیان پێوە گرتوە.

دۆسیەی دووەم كە سەركردە سوننیەكان لێیدەكۆڵنەوە ئەوەیە كە هەرێم و پارێزگا سوننەكان هێزی چەكداری تایبەت بە خۆیان هەبێت لەژێر ناوی “پاسەوانی نیشتمانی”، سیاسەتمەدارە سونیەكان دەڵێن ئەمە تەنها بیرۆكە یان پرۆژە یاسا نیە ، بەڵكو رێكەوتننامەیەكی تەواوە كە لەگەڵ حكومەتی حەیدەر عەبادی و ناوەندەكانی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا گەیشتونەتە ئەنجام ، لەسەر بنەمای ئەوەی كەس ناتوانێت داعش لەو ناوچانە دەربكات جگە لە جەنگاوەرە سوننەكان و هیچ كەسێكیش ناتوانێت رێگە لە دووبارە دەركەوتنەوەی داعش بگرێت لە پارێزگاكانیان لە داهاتوودا جگە لە سوننەكان خۆیان، ئەوان هەمیشە ئەوە دووبارە دەكەنەوە كە بەكارهێنانی هێزە شیعەكان یان سوپای عێراق كە شیعە سەرپەرشتی دەكات هەستی دوودڵی لای ئەوان دروست دەكات كە وا لە داعش دەكاتە بیقۆزێتەوە و خۆی وەك پارێزەری سوننەكان پیشان بدات لە عێراق، پێویستە حكومەت لەمە تێبگات نەهێڵێت توندڕەوەكان ئەو هەلە بقۆزنەوە.

سوننەكان دەڵێن لە چەند مانگی رابردوودا چەندین گفتوگۆی بەرهەمدار دوور لە چاوی راگەیاندنەكان ئەنجامدراون، تەنانەت ئەو كەسایەتیە سوننییانەی كە لەلایەن دادگاشەوە داوا كرابوون لە سەردەمی نوری مالیكی سەرۆكوەزیرانی پێشوودا ، ئێستا لەگەڵ بەرپرسە حكومیەكانی حكومەتەكەی عەبادی لەمبارەیەوە لە گفتوگۆدان.

بەڵام وەك سەرچاوە سوننیەكان ئاماژەی پێدەكەن شتێكی ناڕوون هەیە وا لە عەبادی دەكات كە خاو بێت لە جێبەجێ‌ كردنی رێكەوتننامەكان، بەتایبەتی بابەتی “پاسەوانی نیشتمانی” كە ئەگەری زۆری هەیە بەهۆی كاریگەری راستەوخۆی ئێرانەوە بێت، تارانیش ترسی خۆی ناشارێتەوە لە بوونی هێزێكی سوننی چەكدار كە بە فەرمی دانی پێدانرابێت و لەژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی ئەمریكادا بنیاتنرابێت، كە سەركوتوو دەبێت لە دەركردنی داعش ، بەڵام لە داهاتوودا سوننەی عێراق هێزێكی نیمچە سەربەخۆ رادەگەیەنن كە دژایەتی هەموو جۆرەكانی هەژموونی ئێران دەكات لە عێراق.

بە دیاریكراوی لەم خاڵەدا چاودێران چاودێری وردی سەردانە كەموێنەكەی شاندی سوننە دەكەن بۆ ئێران كە لە لیستی كارەكانیان دا شیكردنەوەی داواكاریە سەرەكیەكانی سوننەكان و رێگاكانی كەمكردنەوەی ئەو دوژمنایەتیە مەزهەبیانە هەیە كە هێزە توندڕەوەكان سودی لێدەبینن لە سەرووی هەموشیانەوە داعش، هەروەها سورن لەسەر دووبارە كردنەوەی ئەوەی كە هەردولا هاوبەشن لەو هەڕەشەیەی كە لەسەریانە و پێویستە ئێران لە داواكاریەكانی سوننە تێبگات و دژایەتی نەكات، لەبەرامبەردا دەبێت هەموو ئامادەكاری و ڕێوشوێنەكان لە چوارچێوەی لێكتێگەیشتن و رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی بەغدا ئەنجام بدرێت كە ئێستا شیعەیەكی میانرەو كە ئارەزووی چاكسازی دەكات سەرۆكایەتی دەكات.

وا چاوەڕوان ناكرێت تاران بە نەرمی رەفتار لەگەڵ داواكاریەكانی سوننەی عێراق بكات ، بەڵام لەوە تێدەگات كە ئەو داواكاریانە رەوتی شیعەی میانڕەو لە حكومەتی عەبادیدا پشتگیری دەكات، هەروەها پشتگیری هەرێمی و نێودەڵەتیشی هەیە لەسەروو هەمووشیانەوە واشنتن. ئەم چاكسازیە سیاسیانە كاریگەری لەسەر سەرجەم هاوكێشەكان دەبێت لە ناوچەكەدا بەمەرجێك بەردەوام بێت.


سه‌رچاوه‌ نوچه‌.نێت

درێژه‌ی بابه‌ت http://www.nuche.net/?p=25050




شكرا لك ولمرورك