مانای ڕاستەقینەی وشەی الدابة بزانن
سَلامٌ عَلَیْکُمْ وَ رَحْمَةُ اللهِ وَ بَرَکاتُهُ
سڵاو لە هەموولایەک بێت بەڕێزان
پێویستە لەسەر ئەو کەسانەی کە بابەت بڵاودەکەنەوە و وتار پەخش دەکەن کارەکانیان بەڕێکوپێکیی و بەوردیی ئەنجامبدەن بۆئەوەی تووشی هەڵە نەبن و خەڵکانیش تووشی هەڵە نەکەن، چونکە بابەتەکانیان لەلایەن خوێنەرانەوە سەیر دەکرێت. بەتایبەت ئەگەر بابەتەکە ڕەخنەیی بێت.
نووسەرێکی دووڕیان بابەتێکی ئامادەکردووە دەربارەی ئازادیی بیروڕا لە ئیسلامدا، من نامەوێت باسی ئەوە بکەم کە ئەو لە بابەتەکەیدا باسی چی دەکات و ئامانجەکانی چییە لە نووسینی بابەتەکە، چونکە من لەکاتی ئێستامدا -کە تەمەنم ١٨ ساڵە- خۆم بەدوور گرتووە لە گرنگیدان و وردبوونەوە لە بابەتە ئاینییەکان، بەپێویستی دەزانم هەموو خوێنەرێک ئەوە بزانێت کە ئەم بابەتە تەنها وەڵامدانەوەیە بۆ هەڵەیەک و من دەمەوێت تەنها لە ڕووی مانایەکەیەوە هەڵەکەی بخەمەڕوو و هیچی تر. بۆیەش کەس بەهەڵە تێنەگات و گفتوگۆی ئاینییم لەگەڵدا ساز نەکات. ئەگەریش کەسێک دەیەوێت لەمبارەیەوە گفتوگۆم لەگەڵدا بکات، ئەوا من تەنها ئامادەم کە گفتوگۆ دەربارەی کڕۆکی بابەتەکەم بکەم کە ئەویش مانای وشەی "دابة" یە.
بەهەرحاڵ، نووسەرەکە لە یەکێک لە دێڕەکانی بابەتەکەیدا ئاماژەی بە ئایەتێکی قورئان کردووە کە ئەویش ئایەتی "إِنَّ شَرَّ ٱلدَّوَآبِّ عِندَ ٱللَّهِ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ..."، و نووسەرەکە بەمجۆرە ئایەتەکەی وەرگێڕاوە و ڕوونکردنەوەی داوە لەسەری:
خراپترین ئاژەڵ لای خودا ئەوانەن كە بێباوەڕبون. لێرەدا دەبینین نەک هەر مرۆڤ بەچونە دەرەوەی لەئاینی ئیسلام بەمرۆڤیكی یاخیو لادەر دادەنرێت، نەك هەر دەچێتە ئاستی ئاژەڵەوە، بەڵكو دەچێتە پلەی خوارترینو نزمترین جۆری ئاژەڵ. واتە ئاژەڵێك چەند بەدو بێزراو بێت، چەند ئاستی ئەقڵیی لاوازو كەم بێت، هێشتا ناگات بەنەزانینیو گێلیی كەسی بێباوەڕ، بەسوكیی و بەنزمی ئەو كەسە لەروی بەهای مرۆییەوە.
وەکو تێبینییەک، دەمەوێت ڕوونکردنەوە بدەم لەسەر ئەوەی کە وشەی "الدواب" بریتییە لە کۆی (جمع) ی وشەی "دابة".
لەکاتی خوێندنەوەی بابەتەکەدا و لەکاتی لێکۆڵینەوەم لەم بابەتە و لەکاتی بەدەستهێنانی مانایە دروست و ڕاستەقینەکان، زۆر سەیرم بەوە دەهات کە ئاخۆ ئەم نووسەرە لە چ سەرچاوەیەکەوە مانای وشەی "دابة" ی وەرگرتووە؟!، ئەو مانایە سەیر و هەڵبەستراوەی لەکوێوە دروستکردووە؟!
بەرلەوەی مانای ڕاستەقینەی وشەکە بخەمەڕوو، دەمەوێت بوختان و زیادکراوەی ئەو نووسەرە بخەمە ڕووی ئێوە کە بۆ وشەی "الدواب\دابة" هەڵیبەستووە.
ئەو نووسەرە پێیوایە کە وشەی "الدواب\دابة" لە ئایەتەکەدا بە مانای خوارترین و نزمترین جۆری ئاژەڵ دێت. جگە لەمەش، ئەو پێیوایە کە لەم ئایەتەدا مرۆڤێکی دەرچوو لە ئیسلام، ڕێک ئەمجۆرە ئاژەڵەیە کە ئاماژەی پێکرا!
ئێستاش وەڵامی ئەو نووسەرە دەدەم.
سەرەتا، وشەی "شَرْ" کە لە ئایەتەکەدا هاتووە، نە بەمانای "خوارترین" دێت و نە بەمانای "نزمترین" دێت، بەڵکو ڕێک بەمانای "خراپترین" دێت.
هەروەها، وشەی "الدواب" کە لە ئایەتەکەدا هاتووە، بەمانای "ئاژەڵ" نایەت، بەڵکو دەقاودەق بەمانای "زیندەوەر" یان "گیانەوەر" دێت کە هەمان مانای "حیوان" یشی هەیە.
ڕەنگە هەر سێ وشەی "زیندەوەر" و "گیانەوەر" و "حیوان" لە لایەن بەشێکی خەڵکەوە بە "ئاژەڵ" دابنرێن، بەڵام ئاوا نییە. لەڕاستیدا وشەی "زیندەوەر" واتە شتێکی زیندوو، دەکرێت شتە زیندووەکە مرۆڤ بێت، ئاژەڵ بێت، باڵندە بێت و هتد...، و هەمان شتیش بۆ وشەی "گیانەوەر" چونکە مرۆڤ و ڕووەک و ئاژەڵیش گیانیان لەبەردایە. و دووبارە هەمان شتیش بۆ وشەی "حیوان"، وشەکە لە "حي" ـەوە هاتووە کە بەمانای "زیندوو" دێت، بێگومان هەر بەتەنها ئاژەڵ زیندوو نییە، بەڵکو مرۆڤ و ڕووەکەکانیش زیندوون.
ئەسڵەن من دەتوانم بڵێم کە لەم ئایەتەدا خودا لە بەکارهێنانی وشەی "الدواب = زیندەوەر" دا زیاتر مەبەستی لە مرۆڤ بووە نەک ئاژەڵ، هەرچەندە کە وشەکە هەردووکیان دەگرێتەوە، بەڵام لەخوارەوە چاکتر ڕوونمکردووەتەوە کە بۆچی ڕووی ئایەتەکە بە ئاڕاستەی مرۆڤەوەیە، من لێرەدا دوو پرسیار دەهێنمە پێشتان.
دەپرسم: ئایا قورئان بۆ کام "دابة" دابەزیوە؟ بۆ ئاژەڵ یان بۆ مرۆڤ؟
هەروەها دەپرسم: ئایا چ "دابة" ـەک کافر دەبێت؟ ئاژەڵ یان مرۆڤ؟
بێگومان دەڵێین: قورئان بۆ مرۆڤ دابەزیوە و هەر مرۆڤیشە کە کافر دەبێت بەرامبەر بە فەرمانەکانی خودا.
لە خوارەوەدا ئایەتێکی ترمان هەیە کە بۆمانی دەسەلمێنێت کە خودا لە قورئاندا زۆرتر مەبەستی لە مرۆڤ بووە لەکاتی بەکارهێنانی وشەی "الدواب" نەک "ئاژەڵ":
بسم الله الرحمن الرحیم
۞إِنَّ شَرَّ ٱلدَّوَآبِّ عِندَ ٱللَّهِ ٱلصُّمُّ ٱلۡبُكۡمُ ٱلَّذِينَ لَا يَعۡقِلُونَ (الأنفال :٢٢)
واتە:
بەڕاستی خراپترینی زیندەوەرەکان لەلای خودا ئەو کەڕ و لاڵانەن کە بیرناکەنەوە و مێشکیان بەکارناهێنن.
ئەگەر لەتۆ بپرسم کە لەم ئایەتەی سەرەوەدا خودای گەورە مەبەستی مەیموونە یان مرۆڤ؟
هەرچەندە کە گومان لەوەدا نییە کە مەبەست لە مرۆڤە، بەڵام ڕەنگە وەڵامێک بێتە پێشەوە کە بڵێت "دەکرێت ئەم ئایەتە مەیموونەکەش بگرێتەوە لەبەرئەوەی مەیموونیش وەکو مرۆڤ زیندەوەرێکی هۆشمەندە". بەڵام وەڵامی ئەمەش هەر لەناو ئایەتەکەدا دراوەتەوە، ئەویش ئەوەیە کە "لَا يَعۡقِلُونَ = خاوەنی مێشکن، کەچی بەکاریناهێنن". کە ئەمەش ڕێک مرۆڤە نەک مەیموون.
بەبەڵگەی ئایەتەکانی تری قورئان وەکو:
بسم الله الرحمن الرحیم
صُمُّۢ بُكۡمٌ عُمۡيٞ فَهُمۡ لَا يَرۡجِعُونَ (البقرة :١٨)
واتە:
کەڕ و لاڵ و کوێرن، و ئەوان ناگەڕێنەوە.
ئەم ئایەتە دەبێتە پاڵپشت بۆ ئەوەی کە لە ئایەتەکەی سەرتردا مەبەست لە مرۆڤ بووە، چونکە خودا ئەمجۆرە مرۆڤانەی بە کەڕ و لاڵ وەسفکردبوو لە ئایەتی سەرتر، لەم ئایەتەشدا بە کەڕ و لاڵ و کوێر وەسفی کردوون. ئەمەش هەر مرۆڤ دەگرێتەوە نەک ئاژەڵێکی وەکو مەیموون و هیچ ئاژەڵێکی تریش.
ئایەتێکی تریشمان هەیە لە قورئاندا کە دەتوانین بیکەینە بەڵگەیەکی سەلمێنەر کەوا "دابة" مرۆڤیش دەگرێتەوە، فەرموون:
بسم الله الرحمن الرحیم
۞وَمَا مِن دَآبَّةٖ فِي ٱلۡأَرۡضِ إِلَّا عَلَى ٱللَّهِ رِزۡقُهَا وَيَعۡلَمُ مُسۡتَقَرَّهَا وَمُسۡتَوۡدَعَهَاۚ كُلّٞ فِي كِتَٰبٖ مُّبِينٖ (هود :٦)
واتە:
هیچ زیندەوەرێک نییە لە زەویدا کە ڕۆزییەکەی لەسەر خودا نەبێت، و ئەو شوێنی مانەوە و دەرچوونی دەزانێت، هەموو ئەمانە لە کتێبێکی ڕوونن (واتە لوح المحفوظ).
سەرەڕای ئەم هەموو ئایەتە، دەمەوێت ئاماژە بە چەند سەرچاوەیەکی فەرهەنگیی بەناوبانگی عەرەبیی بکەم و مانای وشەی "دابة" لەلای ئەوان بخەمە ڕووی ئێوە:
- ماڵپەڕی المعاني لەمبارەیەوە دەڵێت:
الدَّابَّةُ : كلُ ما يَدِبُّ على الأرض ، وقد غلب على ما يُركَبُ من الحيوان ( للمذ كر والمؤنث ).
سەرچاوە: کلیک لێرە بکە.
- ماڵپەڕی معاجم لەمبارەیەوە دەڵێت:
الدَّابَّةُ: كُلُّ ما يَمْشي على الأرضِ ذكرًا كان أو أنثى، عاقلاً كان أو غير عاقل.
سەرچاوە: کلیک لێرە بکە.
- ماڵپەڕی فەرهەنگی SP Techs لەمبارەیەوە دەڵێت:
الدَّابَّةُ: تُطْلَقُ عَلَى مُخْتَلفِ الحَيَواناتِ وَمَا دَبَّ مِنْهَا، وَغَلَبَ عَلَى مَا يُرْكَبُ وَيُحْمَلُ عَلَيْهِ.
سەرچاوە: کلیک لێرە بکە.
هیوادارم ئەو نووسەرە لە مانای ڕاستەقینەی وشەی "الدواب\دابة" تێگەیشتبێت کە هەر بەتەنها ئاژەڵ ناگرێتەوە بەڵکو هەموو زیندەوەرێک دەگرێتەوە. هەروەها هیوادارم کە لەمەودوا زیاتر لێکۆڵینەوە ئەنجامبدات بەر لە دانانی بابەت.
بمبوورن ئەگەر بابەتەکە درێژەی کێشابێت، لەڕاستیدا هەموو وشەکان پێویست بوون و دەبووایە بنووسرێن. دووبارە دەڵێمەوە کە ئامادەنیم قسە لەسەر هیچ بابەتێکی پەیوەندیدار بە ئاینی ئیسلامەوە بکەم، بەڵکو تەنها لەچوارچێوەی مانای وشەی "الدواب\دابة" ـەوە قسە دەکەم.
زۆر سوپاس بۆ ئێوەی خوێنەر.
تکایە کەس ئەم بابەتە نەگوازێتەوە بۆ دەرەوەی ئەم یانەیە، ئینجا بەناوی منەوە بێت یاخود بەناوی خۆی.
by Kurdish Dana via یانەی کوردکلیك





تحويل كودإخفاء محول الأكواد الإبتساماتإخفاء